دەستپێک / لەبارەی نووسەر

لەبارەی نووسەر

heresh BETUSHI 1

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ماماغای مه‌ره‌سه‌نه‌ و دایکم ئایشه‌ مینە سێمان له‌ به‌ره‌بابی سێماناغای مه‌ره‌سه‌نه‌ بووه‌ که‌ به‌ چاوی سه‌رنه‌مدیتووه‌. له‌گوندی بێتووشی ئالانی سه‌رده‌شت چاوم به‌ ژیان هه‌ڵێناوه‌. ‌خوێندنی سه‌ره‌تاییم له‌ گوندی بێتووش ته‌واو کردووه‌ . ناوه‌ندی و ئاماده‌ییم له‌ شاری سه‌رده‌شت خوێندووه‌. 

ساڵی(1359)ی هەتاوی خوێندنی په‌یمانگای ئاماده‌یی مامۆستایانم له‌ شاری ورمێ ته‌واو کردووه‌، کارناسی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسیم له‌ زانستگای تاران خوێندووه‌. ئه‌گه‌رچی ته‌نیا ئاواتی ژیانم پیشه‌ی مامۆستایه‌تی به‌ شێوه‌ی فه‌رمی بووه‌، رێگه‌ نه‌دراوم. به‌ڵام هه‌ر له‌ رۆژی هاتنه‌وه‌م له‌ زانستگاوه‌ که‌م تا زۆر ئه‌رکی پیرۆزی مامۆستایه‌تیم له‌ ستۆی خۆم گرتووه‌ و به‌ پێی توانا ئه‌و رێگایه‌م پێواوه‌.

ساڵی(1364)ی هه‌تاوی (9/5/64) له‌گه‌ڵ کچه‌ مامێکی خۆمدا به‌ردی بنچینه‌ی ژیانی هاوبه‌شمان داناوه‌، به‌رهه‌می ئه‌و پێوه‌ندییه سه‌رکه‌وتووه‌ کچێک و سێ کوڕه‌ که‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ تا ئه‌م رێکه‌وته‌(10/10/1393)ی هه‌تاوی سێیانم به‌ پله‌ی کۆتایی خوێندنی زانستگا گه‌یاندووه‌ و کوڕه‌ گچکه‌که‌م له‌ پۆلی هەشتەمی سه‌ره‌تاییە‌‌. ‌ 

ساڵی(1374)ی هه‌تاوی بێ بوون و پشتیوان چوومه‌ته‌ ناو بازاڕی ئازاد وته‌نیا بۆ ژیان ژیاوم. 

ساڵی (1378)ی هه‌تاوی (16/5/78) به‌ هاوکاری چه‌ند دڵسۆزێک ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیمان له‌ شاری سه‌رده‌شت دامه‌زراندووه‌، له‌ سه‌ر یه‌ک(36)که‌س به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یان کردبوو و هه‌ر سی و شه‌ش ده‌نگه‌که‌شم هێنایه‌وه‌‌ ؛ تا پووشپه‌ڕی 82ی هه‌تاوی که‌ له‌ سه‌ر ویستی خۆم و پێناخۆشی زۆر له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و کۆڕه‌ وازم هێناوه،‌ وه‌کوو یه‌که‌م که‌س و به‌رپرسی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ خزمه‌ت کۆی هاوشاریانی رێزدارمدا بووم. 

ساڵی(1378)ی هه‌تاوی له‌ سه‌ر ویستی ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی(سروه‌) به‌شداری دانیشتنێکی ئه‌ده‌بیم له‌و ناوه‌نده‌ له‌ شاری ورمێ کردووه‌ و وه‌کوو تێکڕای لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نه‌کان به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی نووسه‌رانی ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی رۆژاوای ئێران هه‌ڵبژێردراوم. 

ساڵی(1378)ی هه‌تاوی به‌شداریم له‌ کۆڕێکی هه‌ڵسه‌نگاندنی نه‌خشی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات له‌ ناوه‌ندی ئیداره‌ی ئیڕشادی ئیسلامی پارێزگای ورمێ کردووه‌ و پله‌ی یه‌که‌مم پێ دراوە‌. 

ساڵی(1379)ی هه‌تاوی سه‌رپه‌رشتیاری ده‌رکردنی دوو ژماره‌ی‌ (1-2) گۆڤاری(گزنگ)م له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌شتدا کردووه‌. 

له‌ پێنجه‌ی یه‌که‌می حه‌فتای هه‌تاوییه‌وه تا کۆتایی هەشتاکان به‌رده‌وام به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی کاره‌ ناوخۆییه‌کانی کۆڕی په‌روه‌رده‌ و راهێنانی سه‌رده‌شت هه‌ڵبژێردراوم.

ساڵی(1381)ی هه‌تاوی له‌ کۆڕێکی چیر‌ۆکی رۆژاوای ئێران له‌ شاری بانه‌ پله‌ی یه‌که‌می وه‌رگێڕانم له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی کوردی پێ دراوە. 

ساڵی(1381)ی هه‌تاوی (5/10/81) نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵی فه‌رهه‌نگی و فێرکاری(سۆما)م بۆ شارەکانی سه‌رده‌شت، رەبەت و میراوە وه‌رگرتووه ‌و فێرگه‌ی زمانی کوردیم له‌و شارانە و لە گونده‌کانی ده‌وروبه‌ریاندا داناوه‌‌‌ و تا هه‌نووکه‌ش (10/10/93)ی هه‌تاوی له‌ بواره‌کانی: 

(1- فێرکاری رێنووسی کوردی به‌ ئه‌لفوبێی ئارامی 2- فێرکاری رێنووسی کوردی به‌ ئه‌لفوبێی لاتین 3- فێرکاری رێزمانی کوردی 4- مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی و سەرجەم ته‌وه‌ره‌کانی چیرۆک و په‌خشان، هۆنراو‌، وه‌رگێڕان، راوێژ و دوان و توێژینه‌وه‌) ده‌رس ده‌ڵێمه‌وه‌. 

دوای زانستگای شاری سنه‌ یه‌که‌م که‌سم کە ساڵی(1390)ی هەتاوی له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانستگاوه، وه‌کوو مامۆستای زمانی کوردی ده‌رگای زانستگای ((پەیام نوور))ی شاری سه‌رده‌شتم کردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وپه‌ڕی پێشوازیم لێ کراوه‌. 

ساڵی(1381)ی هه‌تاوی (14/3/81) له‌ کۆڕێکی گرنگی زانا و لێزان و شاره‌زایانی کتێب و کتێب ناسیدا به‌ کۆی ده‌نگ وه‌کوو به‌رپرسی گشتی کتێبخانه‌کانی سه‌رده‌شت هه‌ڵبژێردراوم‌ و تا کۆتایی ساڵی(83)ی هه‌تاوی و ئه‌وکاته‌ی کە بێ هه‌ڵبژاردن فه‌رمانداری شاریان به‌ به‌رپرسی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دیاری کرد، ئه‌و شانازییه‌ له‌ ستۆی من بووه‌. 

ساڵی(1383)ی هه‌تاوی (25/3/83) له‌ کۆڕێکی (281) که‌سیدا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب له‌ شاری سه‌رده‌شت، له‌ سه‌ریه‌ک (276) ده‌نگم هێنایه‌وه‌ و له‌و ساوه‌ وه‌کوو به‌رپرسی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ خزمه‌ت ئۆگرانی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی شاره‌که‌مدا بووم و هه‌م. 

ساڵی(1385)ی هه‌تاوی به‌ ئه‌ندامی شوڕای فه‌رهه‌نگی گشتی شاری سه‌رده‌شت دیاری کراوم و تا ئێستاش له‌ راستای ئه‌و ئه‌رکه‌ گرنگه‌دا شان بە شانی کۆی ئەندامانی ئەو کۆڕە خه‌ریکی خزمه‌ت به‌ کار و بواره‌کانی فه‌رهه‌نگی شاره‌که‌مم. 

ساڵی(1387)ی هه‌تاوی له‌ کۆڕێکی فه‌رهه‌نگی شوڕای شاری سه‌رده‌شتدا به‌ ئه‌ندامی کومسیۆنی فه‌رهه‌نگی شوڕای سه‌رده‌شت هه‌ڵبژێردراوم وتا ئه‌م کاته‌ش ئه‌و شانازیه‌م لێ نه‌ستێندراوه‌ته‌وه‌‌. 

له‌ زۆربه‌ی کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی سه‌رده‌شت و شاره‌کانی ده‌وروبه‌ر له‌ بواره‌کانی ئه‌ده‌بیدا به‌ خوێندنه‌وه‌ی هۆنراو، چیرۆک، په‌خشان، وه‌رگێڕان، وتار و قسه‌کردن به‌ پێی توانا به‌شداریم کردووه‌ و خۆم نه‌بواردووه‌. 

له‌ ساڵی(1369)ی هه‌تاوییه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ کوردییه‌کاندا به‌رهه‌مم بڵاوکردۆ‌ته‌وه‌. 

چه‌ند کتێبێکم به‌ ناوه‌کانی(1- کوردی له‌ سه‌فه‌ردا(به‌ هاوکاری خاتوو فه‌ریبا پالیزی) 2- کاکه‌گیان که‌نگێ دێیه‌وه‌ 3- هه‌واڵپرسی سانا 4- رێزمانی کوردی 5- مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی 6- جاناتان مەلی دەریایی 7- گوڵاغا ) چاپ و بڵاوکردووه‌‌ته‌وه‌. 

پێداهاتنه‌وه‌ی دیوانی حاجی قادری کۆییم کردووه‌ و له‌ لا‌یه‌ن به‌ڕێز(باپیرسه‌میمی)یه‌وه‌ چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. 

چه‌ندکتێبێک وکۆمه‌ڵێک ده‌قی نووسراو و وه‌رگێڕدراوم ئاماده‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌یه‌ و هیواخوازم‌ له‌ داهاتوودا بتوانم! به‌ چاپیان بگه‌یه‌نم. 

کاری سه‌ره‌کیم نووسین و وه‌رگێڕان و مامۆستایه‌تی زمانی کوردیه‌. بێ وچان خه‌ریکی راهێنان و ده‌رس دانی لاوان و ئۆگرانی زمان و زانینی کوردیم. 

ته‌نیا پاڵپشت و پشتیوانه‌ی ژیانم بیر و هۆش و باهۆی خۆم و خۆم بووه‌‌. زیاتر له‌ هه‌موو شتێک گرنگیم به‌ کاری ئه‌ده‌بی داوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ژیانم هه‌ر ژان بووه‌، زانست و بیرم به‌ بژیو نه‌داوه‌. ده‌ستم به‌ هیچ پنچکێکه‌وه‌ به‌ند نییه‌ و له‌ گره‌وی چاره‌نووس دام.

هێرش بێتووشی

سەردەشت – 10/10/1393ی هەتاوی