دەستپێک / بابەت / هیوایه‌که‌م

هیوایه‌که‌م

 Letter-oldpaper

ئه‌م کاته‌ت باش

من نامه‌وێ وه‌کوو ئه‌وینداره‌‌ لاساکه‌ره‌وه‌کان له‌ سه‌ره‌تای نامه‌که‌مدا‌ ده‌سته‌وداوێنی کۆمه‌ڵه‌ وشه‌یه‌کی له‌ زاراندا سواو و له‌ زمان داکه‌وتوو ببم و هه‌ندێ رسته‌ی بێ رووح  و سارد و سڕت بۆ بنووسم. من ده‌مه‌وێ باس له‌ بێ تۆیی تۆ بۆ خۆم بکه‌م. ئازاری ته‌نیایی یان ناسۆری ئه‌وینێکت بۆ بخه‌مه‌ روو که‌ تا ئێستا به‌ر گوێی که‌س نه‌که‌وتبێت و ته‌نانه‌ت شنه‌ی هیچ لابایه‌کیش به‌ لایدا تێنه‌په‌ڕیبێت.

من ئێستا له‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ی خه‌مه‌کانمدا وێستاوم و ته‌نیا شتێکی به‌ به‌ر چاوی بیرمدا له‌ راوێچکه‌ و هاتووچۆ دایه‌ تۆی. دڵنیام تۆش ئێستا له‌ پانتایی بیرێکی قوڵدا گیرت کردووه، رۆشناییه‌کی تار وه‌ک نسێی سار بیری تۆشی داگرتووه‌ و ته‌نیا شتێکی ئاوێته‌ی دڵته‌ سۆزدارییه‌ و به‌س‌. چووزانم! ئاخر تۆی یار گه‌ر له‌وپه‌ڕی دنیاش بی هه‌ر له‌ منی سه‌وداسه‌ر نزیکی، من ناتوانم تۆ له‌ بیر خۆم ببه‌مه‌وه‌. تۆ هه‌میشه‌ له‌ ناو دڵ و ده‌روون و هزر و ئه‌ندێشه‌ی مندا ده‌ژیت . من ئێستا که‌ ئه‌م وشانه‌ت بۆ ده‌نووسم رووه‌و روانگه‌ی جوانت دانیشتووم و له‌ هه‌ژمه‌تان خۆم ئه‌سرین و خامه‌که‌م وشه‌ی نه‌بیستراو ده‌بارێنین. تازه‌ من وا راهاتووم که‌ هه‌رده‌م به‌ یادی تۆ له‌ به‌ر ده‌م په‌نجه‌ره‌ی بیرمدا دانیشم و لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کان هه‌ڵده‌مه‌وه‌.

له‌ بیرته‌ ئه‌و کاتانه‌ی شادی سه‌ری به‌ ماڵی دڵت داده‌کرد ، بزه‌ له‌ سه‌ر لێوه‌ ته‌نکه‌کانت ده‌نیشت و خه‌م بارگه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مان به‌ کۆڵ داده‌دا، چ ئاڵوگۆڕێکی گرنگ و شایان له‌ ژیانی منی ئۆگرتدا به‌دی ده‌هات؟ له‌ بیرته‌ ئه‌و رۆژانه‌ی ژان به‌رۆکی به‌ر ده‌دای و شنه‌ی شادی به‌ رووی ئاواته‌کانتدا ده‌شنایه‌وه،‌ هیوا وئومێدێکی دیکه‌ت له‌ پانتایی هه‌ناومدا ده‌چاند و هه‌ر بارانی قاقا و پێکه‌نین بوو به‌ سه‌ر هه‌وارگه‌ی دڵمتدا ده‌باراند؟ ئه‌دی له‌ بیرته‌ ئه‌گه‌ر په‌یکی پێکه‌نین به‌ رووی وه‌ک مانگتدا نه‌ده‌هات‌ و په‌رۆشی دایده‌گرتی چه‌ند له‌  گوڵه‌باخێکی سیس و تینووی ده‌م کاو و کانیاوی هه‌ناوم ده‌چووی؟ هیچ له‌ بیرته‌؟!

ئای که‌ غه‌ریبانه‌ به‌ قوڵایی یاده‌کانتدا ده‌چمه‌وه‌ و خه‌ریکه‌ بێ تۆیی ده‌مکوژێ. ئاره‌زوومه‌ هه‌ر کاتێک ده‌که‌ومه‌وه‌ ناو یاد و بیره‌وه‌ریه‌کانی تۆ قه‌ت له‌ پانتایی ئه‌و خه‌یاڵه‌ خۆشانه‌ ده‌رنه‌که‌وم و به‌وه‌ش تۆڵه‌ له‌ دووری تۆ بکه‌مه‌وه‌. ده‌با هه‌موو بزانن که‌ من لێوڕێژم له‌ یادگاریه‌ مێخۆشه‌کان. ده‌با بزانن که‌ تا ده‌م که‌لی هه‌ناسه‌ دانم له‌ ناو رووباری بیره‌وه‌ریه‌ تاڵ و شیرینه‌کانتدا په‌له‌کووته‌ی دیتنه‌وه‌ت‌ ده‌که‌م و بێ وچان له‌ هه‌وڵی ده‌رنه‌چوون له‌و ره‌وتی‌ روونی رێباز و نیازت دام. ئاخر کزه‌ی دووریت وه‌ک هه‌میشه له‌ گه‌ڵ خۆیدا ره‌پێچم ده‌کات ، ئێستا له‌ نێوره‌زی یاده‌وه‌ریه‌کاندا گیرساومه‌ته‌وه ‌و نازانم ده‌ست بۆ کام بیره‌وه‌ری‌ به‌رم؟ گوڵی کام لکی یاده‌کان‌ لێ بکه‌مه‌وه‌ و به‌ ئاواتی تۆوه‌ به‌ بۆنیه‌وه‌ بکه‌م؟ له‌ گه‌ڵ کام بزه‌ و پێکه‌نینتدا پێبکه‌نم و هۆگری کام هیوات بم؟

تۆ بڵێی رۆژێک بێ ئه‌و هه‌موو خه‌مه‌ کوشنده‌یه‌ی ژیان ده‌ستمان لێهه‌ڵبگرێت وئاخ و ئۆفه‌کان به‌رۆکمان به‌رده‌ن؟ تۆ بڵێی رۆژێک ده‌س له‌ ملانی ئاواته‌کانمان ‌بین؟ داری خۆشیانمان چرۆ ده‌رکات، خونچه‌ی هیوامان بپشکوێت و ئه‌و مزگێنیه‌ به‌ دۆستان بده‌ین؟

ئه‌دی پێم ناڵێی بۆ هه‌میشه‌ پڕاوپڕم له‌ یاده‌کانت؟ پێم ناڵێی بۆ له‌ ساتی بینینته‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ ته‌ک یاده‌کاندا خه‌و ده‌مباته‌وه؟ پێم ناڵێی له‌ کوێت بووه‌ ئه‌و هه‌موو بێگه‌ردییه‌؟ له‌ کوێت بووه‌ ئه‌و هه‌موو گه‌وره‌ییه‌؟ باوه‌ڕ بکه‌ له‌ باوه‌شی جیهاندا بێ تۆ ته‌نیام! تۆ مه‌زنترین قوتابخانه‌، به‌رزترین زانکۆ و پیرۆزترین رووگه‌ی. له‌ گه‌ڵ تۆدا مرۆڤ هه‌ست به‌ مرۆڤ بوونی خۆی ده‌کات و فێر ده‌بێ جیهان پڕکات له‌ خۆشه‌ویستی، له‌ خۆشبه‌ختی و لێبوردوویی. له‌ گه‌ڵ تۆ و له‌ بیری تۆدا بوون، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رجه‌م ناکۆکیه‌کانی ژیان و به‌ یادت ده‌ژیم.

له‌ بیرمه‌ هه‌رکاتێک ده‌مخستیه‌ به‌ر سۆمای چاوه‌کانم‌، لێوه‌ ته‌نکه‌کانت وه‌ک ئه‌ڵماس له‌ ژێر تریفه‌ی مانگه‌شه‌وی ئه‌وینتدا ده‌بریسکانه‌وه‌. بۆ هێنده‌ جوان بووی خودایه‌؟!

باوه‌ڕ بکه‌ ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری جه‌سته‌ و رۆحم تۆی ده‌وێ. دوای رامان و بێده‌نگی و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵ، تازه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌م ئه‌گه‌ر هێمنی وه‌ک شه‌و هه‌واری بیرم دانه‌پۆشێ؛ ئه‌وا دڵ و ده‌روون و مێشک و ئاوه‌ز و خه‌ون و خه‌یاڵم ده‌بن به‌ مه‌کۆی سه‌فه‌ره‌ کوشنده‌کان و گه‌ڕان به‌ دوای یۆتۆپیای مرۆڤدۆستیدا. ده‌زانم تۆ ناچار بووی به‌ ته‌نیا من له‌ پاڵ یادگاره‌کانتدا به‌ جێ بهێڵی! به‌ڵام گوناهی منی بێ تاوان چییه‌ که‌ بێ تۆ له‌م نیشتمانه‌ به‌هه‌شت ئاساییه‌دا وه‌ک په‌پووله‌یه‌کی ویشکه‌وه‌بووی ناو په‌ڕتووکێکی تۆز لێ نیشتوو داماو و هیوابڕاو له‌ سه‌ر دێڕێکی بێ مانای ژیاندا پاڵ که‌وم. من خۆم غه‌ریبم و تۆش غه‌ریبترت کردم. من لێره‌ له‌ باوه‌شی نیشتماندا بێ تۆ ئۆقره‌ ناگرم. نازانم ده‌بێ چ بکه‌م! راسته‌ ژیان ژانه‌ و خه‌می نیشتمان سه‌رتۆپی خه‌مان، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ تۆدا به‌هارئاسا ئاواتی ده‌روونم چرۆ ده‌کات.

ده‌زانی جیاوازی نێوان ئه‌م دنیایه‌ و دنیای دڵی من له‌ چی دایه‌؟ ره‌نگه‌ تۆ بتوانی له‌م دنیا بچووک و رواله‌تییه‌ ده‌رچی به‌ڵام هه‌رگیزاوهه‌رگیز ناتوانی له‌ دنیا گه‌وره‌که‌ی دڵی من رزگاریت بێت.  ئاخر تۆ سه‌رتاپای ده‌روونی منت داگیر کردووه‌. باوه‌ڕ بکه‌ ناتوانم ته‌نیا هه‌نگاوێک له‌ یاده‌وه‌ریه‌کانت دوور بکه‌ومه‌وه‌. به‌ لامه‌وه‌ جوانترین دڵ دڵی تۆیه‌، جوانترین وشه‌ ناوی تۆیه‌، به‌رزترین خۆشه‌ویستیش خۆشه‌ویستی تۆیه‌. به‌ ده‌ست خۆم نییه‌، هه‌ر که‌ ده‌که‌ومه‌وه‌ یادت قه‌تماغه‌ی سه‌ر برینی هاناوم ده‌کولێته‌وه‌،کولانه‌وه‌یه‌ک که‌ ده‌مداته‌ ده‌ست زریانی ئازارێکی بیر رووشێن. به‌ راستی جوانی و دڵپاکی تۆ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر جوانی و پاکیزه‌یی باران. ئه‌و بارانه‌ی به‌ رشتنی دوو فرمێسک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دوو گوڵی بۆن خۆش و جوانی له‌ پانتایی زه‌ویدا شین کرد که‌ یه‌کیان زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی تۆ و ئه‌وی تریان هیوای من بوو هیوایه‌که‌م!

هێرش بێتووشی

سه‌رده‌شت

10/10/2710

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

مێژوو چییه‌؟

مێژوو چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی به‌ رابردووی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ده‌بێ دووپاتی بکه‌نه‌وه‌. ((جۆرج سانتایانا)) مێژوو چه‌مکێکی له‌ …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *