دەستپێک / بابەت / شەوە، ئەدی شەو

شەوە، ئەدی شەو

shawa, adi shaw

«مەرگ زۆر ئاسان دەتوانێ هەر ئێستا بەرۆکم بگرێت. بەڵام من تا دەتوانم بژیم، نابێ بە پیر مەرگەوە بچم. لە راستیدا رۆژێک بەناچار لە گەڵ مەرگ هەر رووبەڕوو دەبمەوە- با ببمەوە- گرنگ نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە مان و نەمانی من لە ژیانی خەڵکیدا چەند کاریگەرە.»

”ماسیە رەشە بچکۆلەکە – سەمەد بێرەنگی”

سەمەد بێهرەنگی رۆژی لە دایکبوون و مردنی دیار نییە. بە هیچ شێوەیەک شرۆڤەی ژیان و بەسەرهاتی ناکرێت. مردنەکەشی هێندەی ژیانی جێگای سەرسووڕمانە و ژیانیشی تا ئەو رادەیە ئاوێتە بە هەستی تێمانە کە لە ئەفسانەیەک هەڵناوێردرێت. مامۆستا بوو ئەگەرچی دوورخراوەی گوندەکان. لە ناو گوندەکاندا هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەو و گوندنشینەکاندا نەدەبیندرا. بەو کۆتە رەشەی بەریەوە ساڵهای ساڵ لە هاتوچۆدا بوو. بە پای پیادە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر دەچوو. هەموو دەیانناسی. ((سەمەد هات))، ((سەمەد رۆیی))، ((سەمەد بۆ ئاخیرجان چوو)). لە ناو گوندنشینەکاندا هیچ نیشانەیەکی شارگەرایی پێوە دیار نەبوو. لە ژووری تەویلە، لە قوتابخانە، گۆڕەپانۆکەی ئاوایی، ناو گۆڕستان پۆلی وانە وتنەوەی دادەمەزراند و بە ژیانی لادێیی راهاتبوو. لە سەرخەرمان، لە شینگایان، لە پرسان، لە مزگەوتان، لە داوەتان، لە هەموو جێگایەک بوو.

هەتا بڵیی سادە بوو. گلەیی نەدەکرد. نەدەڕەنجا. کۆڵی بە دنیاوە گران نەبوو. ئاواتی بۆ ماڵی دنیا هەڵنەدەخواست. لە هەموو شتێکی دەچێشت. تاقی دەکردەوە. هەڵیدەسەنگاند. تەنیا شتێکی بە لاوە پەسند بوو کە تاقی کردبایەوە. هەستی پێ کرابایە. تاڵ بوایە یان شیرین. بە هەرحاڵ هەبوو. شایانی جەڕەباندن بوو. تێدەگەیی. تێیدەگەیاند. هەرئەوەش بوو کە هیچ کەیفی بە ((ئازارە نادیارەکانی مرۆڤایەتی)) نەدەهات. لە هیچ کاتێکیشدا بە دوای ئەو دەردانەوە نەبوو. تامی برسیایەتی چێشتبوو. دەیزانی هەژاری چییە. دەردناس بوو. هەستی بە ئازاری زۆرداری دەکرد. تەواوی کتێبەکانی ئەلف و پێتکە بۆ گوندنشینەکان شتێکی بێ واتا بوون و بە هیچ شێوەیەک نەدەکرا وشەکانی پۆست، کارتی پیرۆزبایی، تەلەفوون، مێزی نان لە سەرخواردن و شاتوو بۆ گوندنشینەکان واتا بکرێتەوە. تەواوی ئەو وشانەی بژار دەکرد. بەوپەڕی بوێرییەوە هەموو ئەوانەی لە کتێەکاندا دەسڕینەوە. لە ئانجامیشدا کەوتە ئەو بیرە کە بۆخۆی مشوورێکیان بخوات و وای کرد. پەڕتووکێکی لە بواری دەرس گوتنەوەدا بۆ گوندنشینەکان نووسی کە لە زمانی فارسیدا بێ وێنە بوو و تەنانەت سەرۆک خێڵەکانیش پەسندیان کرد. بەڵام بەرگریان لە بڵاوبوونەوەی کرد. ئەویش کتێبەکەی دەبن هەنگڵی نا و هەمیسان بەرەو کوێرەدێیەکان گەڕایەوە، بێ ئەوەی کە هەر وەسەر خۆی بێنیت. تەک و تەنیا بە هۆی کتێبەکەیەوە کە نووسیبووی بە هەمووانی سەلماند کە چەند ئاسان دەکرێ فێر بین، بنووسین و بخوێنینەوە. باوەڕێکی تەواوی بە هێزی هەموو زمانێک هەبوو، بۆیە بێ وچان لە هەوڵدا بوو.

لە رادەبەدەر ئۆگری زمانی زگماکی خۆی بوو، بێ پسانەوە پێی دەنووسی و دەیخوێندەوە و بە چاپی دەگەیاند.

لە گێچەڵان نەدەترسا وبەس ئەوەی پێ سەیر بوو کە بۆ ئەو مافەی نییە و چاکی مەردایەتی لێ بەلادا کردبوو، بۆ کۆکردنەوەی فۆلکلۆری ئازەربایجان لە کوێرە دێیەکانەوە بگرە تا دەگاتە شارە هەرە دوورەکان و بە کۆکردنەوەی ئەو بابەتانەش دەیسەلماند کە چ هێزێکی بە هێز لە زمانێکدا دەتوانی هەبێت.

هەروەها پەڕاوێکی پڕی لەو فۆلکلۆرانە بڵاو کردەوە و هەمیسان گابەردێکی گەورەتریان غلۆر کردەوە سەر رێگای و بە ناچار بڕیاری دا ئەفسانەکانی ئازەربایجان کۆ بکاتەوە و بە هاوکاری دۆستی هەرە نزیکی ((بێرووز دێهقانی)) ئەو گرنگەشی بە ئەنجام گەیاند و دوو پەڕاوی لە وانەش بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕایەوە و بڵاوی کردنەوە.

بەڵام دیسانیش ئەو کارەی، کاری سەرەکی نەبوو. وێڕای هەمووی ئەوانەش خەیاڵ رەخسێنێکی بێ هاوتا و هێزێکی زۆر بە هێزی لە داڕشتن و داهێنانی چیرۆکاندا هەبوو و بێ وچان هەر دەینووسی. لە گەڵ ئەوەشدا کە چیرۆکەکانی دەچوونەوە سەر چیرۆکە ناوچەییەکان، بەڵام ئەو؛ ئەو شێوە داڕشتنەی هەڵبژاردبوو. چونکە لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە بۆ هەمووان دەنووسێت. ناوەرۆکی چیرۆکەکانی هێند بە تام و چیژ دادەڕشت کە بە لای هەمووانەوە ئاشنا بووایە. لەو کارەیدا ئەوپەڕی سەبر و خۆڕاگری بەکار دەبرد و لە گەڵ بڵاوکەرەوەکاندا پێوە دەچوو کە کتێبەکان بە هەرزانی بڵاو بکرێنەوە. لەو نامانەیدا کە بۆ هاوڕێیان و پێنووس بە دەستانی دەنووسی، هەمیشە تکا و داوای ئەوە بوو کە بۆ نرخی کتێب تا ئەو رادەیە گرانە و خۆشی دارونەداری خۆی بە کتێب دەدا. رۆژانی پشوودان بە کیفی پڕ لە پەڕتووکەوە بە گوندەکاندا دەگەڕا، تووشی هەر کەسێکی کتێب خوێنەرەوە بوایە کتێبی بە ئەمانەت رادەست دەکرد. لە سەر کتێب لە گەڵ هەمووان پیوە دەچوو و کتێبی باش ئەرکی دەخستە سەر شان، ئەرکی ئەوە کە بە هەر شێوەیەک دەبێ لە ناو خەڵکیدا بڵاوی بکاتەوە. ئەوان نازانن، بێ ئاگان، بەڵام ئەو دەزانێت و هەست پێدەکات. بەو شێوەیە رۆڵی کتێبدارێکی گەڕیدەی لە ناو گوندەکانی ئازەربایجاندا دەگێڕا. هەروا دەهات و لە داڕشتنی چیرۆکەکانیدا کارامەتر دەبوو. ژمارەی کتێبە بڵاوکراوەکانی لەو چەند ساڵەی دواییدا بەرچاوە. هەروەها ژمارەی ئەو دەقە ئەدەبیانەی لە گۆڤارەکاندا بڵاوی دەکردنەوە. لە رەخنەگریدا بێ بەزەییانە هەڵوێستی دەگرت. جنێوی نەدەدا. بە کەسیەوە رانەدەبوارد. خۆهەڵکێشانی نەدەزانی. بەس دەری دەخست تا چ رادەیەک کەمکاری کراوە. یەکێ لە ئاشنا هەرە نزیکەکانی ئەدەبیاتی هاوچاخی فارسی بوو. بە رادەیەک بە سەر زمانی ئازەربایجانیدا سوار بوو کە دژوارترین کارەکانی نیما یوشیج، ئەحمەد شاملو، ئیخوان سالس، فروغ فەڕوخزاد و م. ئازادی بۆ سەر زمانی زگماکی وەردەگێڕایەوە و لە هەڵبژاردنی وشەکاندا بە شێوەیەک کێش و ئاهەنگی وشەکانی دەپاراست کە سەرسووڕێنەر بوو. ئێستاش کۆمەڵە بەرهەمێکی زۆر بە نرخی لەو وەرگێڕدراوانە لە پاش بەجێ ماوە، ئەو بەرهەمانە لە راهێنانی زمانی ئازەربایجانیدا بێگومان زۆر کاریگەر دەبێت.

دیسانیش ئەوانە بە تەنیا کاری ئەو نەبوون. شاکاری ئەو ژیانی بوو. لە هەموو ماوەی ژیانیدا خەریکی فێربوون و فێرکردن بوو. لە کاتی وچان و پشوودانا، لە ناو کتێب فرۆشیەکان بۆسەی دەنایەوە تا لاوەکان بۆ دابین کردن و کڕینی کتێب دەهاتن و رێنمایی دەکردن. وەهەبوو پێشی بە کڕیاری کتێبێکی بێ کەڵک دەکرت و دەگەڵی پیوە دەچوو کە کتێبێکی دیکە هەڵبژیرێت. بە کتێبخانە گشتیەکاندا دەگەڕا، سەردانی مێزەکانی دەکرد و لە گەڵ کتێب خوێنەوەکانی دادەبەست: ((ئەوە مەخوێنەوە))، ((شتێکی وا نییە))، ((کتێبی باش زۆر چاپ دەکرێت))، ((هەموو کتێبێک بۆ خوێندنەوە نابێت))، ((هەموو کتێبێک بۆ خوێندنەوە نابێت)).

دوای بڵاوبوونەوەی هەریەک لە کتێبەکانی هەزاران هەزار نامەی لە هاوڕێیانیەوە پێ دەگەیشت و وڵامی هەموویانی دەدایەوە، بێ تاقەتی پێوە نەدەبیندرا و گیرفانی هەمیشە پڕ لەو نامانە بوو کە بۆیان دەنووسی. بۆیان دەنووسی کە ((ئەڵدووز)) وای کردبایە باشتر نەبوو؟ یان دەیانپرسی ئەنجامەکەی بە کوێ دەگات؟

مردنەکەشی بۆ کەس جێگای باوەڕ نییە و لە راستیدا تۆ بڵێی سەمەد مردبێت؟ سەمەد نەمردووە. سەمەد ماوە. هەر ئێستا لە رێگای ((ممقان)) لە گەڵ لاوان گفتوگۆیەتی. بۆ ((پکەچین)) چووە. لە گوندەکانی لای مەراغە یارمەتی میوەچنەکان دەدات. لە گەڵ پیرێژنە ((ئیلیخچیەکان))دا وتووێژ دەکات. لە کتیبخانەی نیشتمانییە. لە پشت باغی گوڵستان بە دیار یاری پاڵەوانی گەڕۆکەوە وێستاوە و بۆی دەپارێتەوە. لە کتێبخانەکاندا خەریکی پێداهاتنەوەی ((ئەفسانەی خۆشەویستی)) کەسێکە. نا. درۆیە. باوەڕ مەکەن. سەمەد نەمردووە. سەمەد ماوە. سەمەد ماوە. سەمەد ماوە.

نووسینی: دوکتۆر غولام حوسێن ساعدی

وەرگێڕانی: هیرس بێتووشی

سەرچاوە: گۆڤاری ئارش، ژمارە 18ی سەرماوەزی 1347ی هەتاوی.             

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

مێژوو چییه‌؟

مێژوو چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی به‌ رابردووی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ده‌بێ دووپاتی بکه‌نه‌وه‌. ((جۆرج سانتایانا)) مێژوو چه‌مکێکی له‌ …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *