دەستپێک / بابەت / ئەدەب / ئه‌وین چییه‌ ؟

ئه‌وین چییه‌ ؟

Awin

        ئه‌وین، ته‌قینه‌وه‌ی‌ جوانترین و په‌سندترین دڵسۆزیه‌كانی مرۆڤه‌. ئه‌وین، رازی‌ ژیان، واتای‌ ژیان و هێزی‌ ژیانه‌ . ئه‌وین، ئه‌و بڵێسه‌ به‌ سۆزه‌یه‌ كه‌ له‌ پڕ، زاركی بێده‌نگی رووح و ره‌وانی مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌ و تاوتینێكی به‌ تین له‌و خۆر و ئه‌ستێره‌ له‌ به‌ند داماوانه‌ تاو ده‌دات تا گه‌رمایی به‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ژیان و جه‌سته‌ و گیان ببه‌خشێت و چۆنیه‌تی ژیان له‌و جیهانه‌ بێ به‌زه‌ییه‌، سته‌مكار و توند و تیژه‌ دا، بڕه‌خسێنێت .

        ئه‌وین، یاری‌ ئاورینه‌یه‌كی به‌ شكۆی‌ ره‌نگه‌كان، نووره‌كان، په‌پووله‌كان، گوڵبه‌رگه‌كان، بۆنه‌كان، بزه‌كان و هه‌موو جوانیه‌كانی جیهان له‌ گه‌ردوونی خۆڵه‌كه‌وه‌ی‌ ژیان دایه‌. ئه‌وین، گیانی جیهانه‌. ئه‌و دیارده‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ ئه‌فلاتوون، فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی‌ یۆنانی، بێ ئه‌و، ژیانی به‌ ((نه‌شیاو و نه‌بوو))  و جیهانی به‌ ((گۆڕستانی بێ كه‌نار)) داناوه‌. هه‌روه‌ها به‌ وته‌ی‌ جه‌لاله‌ددین محه‌ممه‌د به‌لخی، هۆنه‌ری‌ ناوداری‌ ئێرانی، ئه‌وین ((شێوه‌‌ پێكه‌نینكی تر)) فێری‌ مرۆڤ ده‌كات :

گه‌رچی من له‌ نه‌بوو دڵخۆش وخه‌ندان پێم نایه‌ ژیان                      ئـــــه‌وین فێری‌ شێوه‌ پێكه‌نینێكـــی تری‌ كــردم

      ئه‌وین، بوغز له‌ بزه‌ ده‌پاڵێوێت و به‌ باری‌ مرۆڤایه‌تیدا ده‌ینوێنێته‌وه‌. ئه‌وین كیمیایه‌كه‌ له‌ خه‌نده‌ی‌ پڕ له‌ كینه،‌ پێكه‌نینی خۆشه‌ویستی به‌ دی‌ دێنێت، ئه‌و پێكه‌نینه‌ دڵبلاوێنانه‌ی‌ كه‌ له‌ قووڵایی دڵه‌وه‌ دێن و به‌ پاكی شوێن له‌ سه‌ر دڵ داده‌نێن.

        ئه‌وین، ئاڵوگۆڕی‌ به‌رده‌وام و ((بوون))ی‌ بێ پسانه‌وه‌یه‌. ئه‌وین، پووخته‌ بوونه‌. له‌ كه‌مه‌وه‌ بۆ زۆر، له‌ رێبازی‌ پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی‌ ژیانه‌وه‌ به‌ره‌و به‌رزایی ئاسمانه‌كان، تا پله‌ی‌ خوایه‌تی. گه‌یشتن به‌و پله‌ به‌رزه‌یه‌ش، له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی بێ وچانی دڵه‌ په‌شێوه‌كان پتر، له‌ خاوێن راگرتن و پاڵێوكاری‌ بێ پسانه‌وه‌ی‌ رووح و ده‌روون و جه‌سته‌ واتر ده‌س نادات.

        ئه‌وین، زانایی یه‌. زانست و فه‌رهه‌نگه‌ وێكڕا و هه‌ر كه‌سێكیش شاره‌زای‌ فڕین به‌و دوو باڵه‌ نه‌بێت، توانای‌ ئه‌وینداریه‌تیشی تێدا نییه‌.

        ئه‌وین، دڵپه‌سندترین روانگه‌ی‌ مرۆڤه‌. ئه‌و روانگه‌ ره‌سه‌ن و مه‌زنه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌سپێكی مێژووی‌ مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌، زۆر كه‌سی شه‌یدا به‌ هیوای‌ گه‌یشتن به‌و جیهانه‌ شیاوه‌، هه‌وڵیان داوه‌ و ته‌نانه‌ت گیانی خۆیان له‌ پێناویدا داناوه‌ .

        ئه‌وین، رێزه‌. ئه‌وین، به‌ رێزه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌. وه‌كوو راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر له‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆماندا، هه‌ر كاتێك كه‌ تووشی كه‌سێكی هێژا و شایانی خۆشه‌ویستی بووبین، یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌رچاو كه‌ تیایدا به‌ دیمان كردبێت، به‌ڕێز بوونی بووه‌ .هه‌روه‌ها هه‌ر چه‌ندێكی پله‌ی‌ زانست و زانیاری‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بووبێت ، به‌و راده‌یه‌، به‌ڕێز و بێ هه‌وا بووه‌. كه‌ واته‌، ده‌توانین به‌و تاكه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رز و به‌رچاوه‌ پێناسه‌ی‌ ئه‌وین بكه‌ین .

        ئه‌وین، چاكه‌یه‌. ئه‌وین، هه‌موو چاكیه‌كانی جیهانی له‌ خۆیدا وه‌كۆ كردووه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌، به‌ هێزه‌. به‌ هۆی‌ ئه‌و به‌ هێزبوونه‌شیه‌وه‌یه‌ كه‌، سه‌رچاوه‌ی‌ سۆز و لێبوردوویی یه‌. له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ سۆزداریه‌شدا ئه‌گه‌ر هه‌ر چاوێكی سه‌رپێی به‌ سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و دڵره‌ق و سته‌مكاره‌ هه‌وسار له‌ سه‌ر هه‌ڵماڵدراوانه‌ی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا بخشێنین ! ده‌بینین كه‌ دڵڕه‌قی و سته‌مكاریان، بێ وه‌به‌رچاوگرتنی هێزی‌ رواڵه‌تیان، پێوه‌ندی‌ به‌ لاوازی‌ و دژوێنی ده‌روونیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

        ئه‌وین، بێ سنووره‌ . ئه‌وین، بێ سنوورییه‌ .

        ئه‌وین، رۆشنایی جیهانه‌ و ((مێژووی‌ مرۆڤایه‌تی، سه‌رانسه‌ر، تێكۆشانی بێ وچان له‌ تاریكییه‌وه‌ به‌ره‌و رووناكییه‌– نانس )) .  ئه‌وه‌ش هه‌مووی‌، له‌ ده‌سپێكییه‌وه‌ تا كۆتایی، له‌ پێناو داهێنانی جیهانێكی پڕ له‌ گۆڕان و ژیانێكی شیاو و نوێتردا، به‌رده‌بازی‌ مرۆڤ بووه‌ .

هێرش بێتووشی

سه‌رده‌شت – 12/4/1386  ی‌ هه‌تاوی‌              

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

مێژوو چییه‌؟

مێژوو چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی به‌ رابردووی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ده‌بێ دووپاتی بکه‌نه‌وه‌. ((جۆرج سانتایانا)) مێژوو چه‌مکێکی له‌ …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *