دەستپێک / بابەت / په‌ڕی‌ سیمورغ

په‌ڕی‌ سیمورغ

pari Simorgh 

دڕنده‌كه‌ نیوه‌شه‌و و نیوه‌شه‌و بۆی‌ ده‌هات . رێگایه‌كی هه‌ڵاتنی نه‌بوو . زاركی غاره‌كه‌ به‌ تاشان به‌سترابوو . ئه‌و له‌و قوژبنه‌ تاریكه‌ دا هه‌ڵده‌له‌رزی‌ و به‌ترسه‌وه‌‌ چاوی‌ له‌و كه‌لێنه‌وه‌ بڕیبوو كه‌ دڕنده‌كه‌ له‌ وێوه‌ بۆی‌ ده‌هات . پاڵی وه‌دیواره‌ سارد و تیش ئاساكه‌ ده‌دا ، چنگوڕكی له‌ به‌رده‌ سه‌خت و گرنج گرنجه‌كان گیر ده‌كرد ، لاقه‌ رووته‌كانی راده‌كێشا تا دڕنده‌كه‌ چالاكی خۆیان له‌ سه‌ر بنوێنێ .

       هه‌رچی رووناكایی بێ له‌و گۆشه‌ تاریكه‌ی‌ نه‌ده‌دا . به‌ سه‌ر به‌رده‌كانه‌وه‌ هیچ ئاسارێكی خه‌نه‌تیلكه‌ نه‌ده‌بیندرا . تاقه‌ چڵێكی سه‌وز به‌رچاو نه‌ده‌كه‌وت . به‌ سه‌ر به‌رده‌كانه‌وه‌ ته‌نیا ئاساری‌ خوێن و هاڕراوه‌ی‌ ئێسقان به‌دی‌ ده‌كرا و به‌ سه‌ر دیواره‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و یادگارانه‌ی‌ به‌ به‌ردی‌ نووك تیژ یان به‌ خوێن نووسرابوون .

        دڕنده‌كه‌ وه‌ک كانگورو ده‌چوو ، به‌و جیاوازییه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌كانی وه‌ك دوو دانه‌ زوێڵوه‌ چه‌رمی درێژ ، روخساری‌ وه‌ك كه‌متیار ، چاو زه‌ق و خوێن تێزاو وتووكن و تووڕه‌ و بوغزاوی‌ بوو .

        سه‌روبه‌ندی‌ سزادانی كه‌ ده‌هات ، هه‌ناسه‌ی‌ ده‌رنه‌ده‌هات . چه‌قوچۆی‌ ده‌هاتێ . نائومێد له‌ رزگاربوون له‌ میچی نه‌وی‌ غاره‌كه‌وه‌ راده‌ما . دڕنده‌كه‌ ددانه‌ تیژه‌كانی به‌ قووڵایی به‌ره‌ پێ تڵیشاوه‌كانیدا ده‌برده‌ خوار و مۆخه‌كانی ده‌جوین . وه‌هه‌بوو ئێسقانێكی به‌ر ددان ده‌هات و خرم و هوڕ ده‌یكرۆشت . هاواری‌ ده‌كرد ، هاواره‌ به‌رز و دڵڕووشێنه‌كانی له‌ ناو غاره‌كه‌ دا په‌نگیان ده‌خوارده‌وه‌ و دڕنده‌كه‌ ، به‌ زمانه‌ مشارئاساكه‌ی‌ بنه‌ لاقه‌ خوێناویه‌كانی ده‌لسته‌وه‌ . ئینجا به‌و ده‌سته‌ سیرمانه‌ی‌ كه‌ قورس و قایم و قه‌وی‌ بوون ، به‌وپه‌ڕی‌ توانا‌وه‌ لێی راده‌كێشا .

        به‌ هۆی‌ ئه‌و زه‌ربانه‌وه‌ مێشكی سه‌ری‌ ده‌شڵه‌ژا . ته‌وژم و تینێك له‌ ناخییه‌وه‌ ده‌تگوت چاوی‌ ده‌رپه‌ڕاندن . گورچیله‌كانی خوێنیان ده‌ده‌ڵاند . تان و پۆی‌ هه‌سته‌كانی وه‌كوو زنجیره‌ ئاگرێ دایسان و گیانی گڕگرتوویان وه‌هاوار خستبوو . په‌له‌ دارێكی دۆزیبۆوه‌ ، به‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌گرت و ددانه‌كانی توند پێداده‌گرتن . دڕنده‌كه‌ ، به‌ كاوه‌خۆ ، به‌ ددانان گۆشتی بنه‌ پێیانی ونجڕ به‌ ونجڕ ده‌كرد . ورتكه‌ و پرتكه‌ی‌ ئێسقانی قاچه‌ ماساوه‌كانی كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ی‌ به‌ قه‌ده‌ر كونده‌یه‌ك ئاوسابوون ده‌جوی‌ . زمانی مشارئاسای‌ به‌ ناو گۆشت و پێست و ئێسقان و هه‌سته‌كانیدا ده‌گێڕا و ده‌سته‌ زوێڵ ئاساكانیشی به‌وپه‌ڕی‌ توانا‌وه‌ داده‌وه‌شاندن . ئه‌و قامچیانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ردی‌ غاره‌كه‌ درابان ورد ده‌بوون . ئه‌و قامچیانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ردی‌ غاره‌كه‌ درابان وه‌هاوار ده‌كه‌وتن . ئه‌و قامچیانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ریا راكێشرابان په‌رێشان ده‌بوو .

        نه‌یده‌زانی ماوه‌ی‌ چالاكی سه‌ر قاچه‌كانی چه‌ند ده‌خایه‌نێ . كات له‌و شوێنه‌دا بێ واتا بوو . كات له‌و شوێنه‌دا وێستابوو . شه‌وێكی تووش و پڕ له‌ هاوار و ئاخ و ئۆف و خوێناوی‌ سێبه‌رێکی‌ قورسی به‌ سه‌ر ژووری‌ غاره‌که‌ و ئه‌و گۆشه‌ تاریكه‌ دا كێشابوو و رانه‌ده‌برد . هاواری‌ ده‌كرد و ددانه‌كانی توند به‌ سه‌ر داره‌ ویشكه‌كه‌ دا ده‌گرت و شه‌پۆلی ژان وه‌كوو رووبارێكی خوڕێن له‌ تواوه‌ی‌ بوڕكان له‌ به‌ری‌ پێیانییه‌وه‌ تا ته‌وقی سه‌ری‌ ده‌ته‌نیه‌وه‌ . داره‌كه‌ی‌ به‌ره‌و سووچێك تووڕهه‌ڵده‌دا و وه‌های‌ هاوار ده‌كرد دیواره‌كانی غاره‌كه‌ ده‌له‌رینه‌وه‌ .

***

        هێلانه‌ی‌ سیمورغ له‌ سه‌ر دوندی‌ قاف بوو كه‌ له‌ دووره‌وه‌ له‌ ژێر تیرێژی‌ خۆر و خه‌رمانه‌یه‌ك له‌ به‌فر و مژ ده‌دره‌وشایه‌وه‌ . ده‌بوو دۆڵ و رووبار و زنجیره‌چیای‌ به‌رز و رژدیان پێوابایه‌ و به‌ رێچكه‌ڵه‌ راكشاوه‌كانی سه‌ر لووتكه‌ هه‌ڵه‌مووته‌كاندا رابووردبان ، به‌ قۆرت و پێچه‌ لێهاڵاو و هه‌ڵدێره‌كاندا سه‌ركه‌وتبان و به‌ سه‌ر شیوه‌ قووڵكاندا شۆڕ ببانه‌وه‌ و پێ به‌ پێ بۆ ناو جه‌رگه‌ی‌ مه‌ترسی هه‌نگاویان نابایه‌ .

        حه‌وت خان كه‌ رۆسته‌م ده‌ستی به‌ سه‌ر داگرت و ئه‌سفه‌ندیار فه‌رمانڕه‌وایی به‌ سه‌ردا كرد ، له‌ چاو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ له‌ رێگای‌ ئه‌واندا له‌ بۆسه ‌دابوون‌ ، هیچ نه‌بوو . ئه‌وان ده‌بوو به‌ هه‌زار خانی پڕ له‌ خۆف و خه‌ته‌ردا تێپه‌ڕیبان تا به‌ هێلانه‌ی‌ سیمورغ ده‌گه‌یشتن . له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا جادووگه‌رێك ، له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا دێوێك ، له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا ته‌ڵه‌یه‌ك ، پیلانێك و دڕنده‌یه‌ك . به‌ڵام ئه‌وان بڕیاری‌ خۆیان دابوو كه‌ بچنه‌ باره‌گای‌ سیمورغ و په‌ڕی‌ پیرۆز بیننه‌وه‌ .

        له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ ده‌مانه‌وه‌ پشوویه‌ك بده‌ن و گه‌ردی‌ ماندوویی له‌ روخسار بته‌كێنن و لێو به‌ گۆنای‌ ئاوی‌ خاوێنی كانیاوێكه‌وه‌ بنێن ، جادووگه‌ری‌ ژیان به‌ ره‌نگ و رواڵه‌تێكی نوێتر‌یه‌وه‌ ده‌هاته‌ به‌چاویان و له‌ هه‌مبه‌ریاندا هونه‌رنوومایی ده‌كرد . ئه‌وانیش ، هیلاك و ماندوو چاویان له‌ لووتكه‌ی‌ قافه‌وه‌ ده‌بڕی‌ . ئه‌و شوێنه‌ی‌ كه‌ سیمورغی شكۆمه‌ند له‌ په‌نای‌ سه‌رووی‌ سه‌رسه‌وز و به‌رز و مه‌زندا ژیانی به‌ سه‌ر ده‌برد .

        له‌ سه‌ره‌تای‌ رێگا دا یه‌كێكیان  به‌ داوی‌ دنه‌ی‌ جادووگه‌ری‌ ژیانه‌وه‌ بوو :

– تا لووتكه‌ رێگایه‌كی دووره‌ !

– ئه‌گه‌ر لێببوورین ده‌گه‌ینێ .

– گه‌لێ كه‌س لێبووردن و نه‌گه‌یشتنێ .

– ئێمه‌ش تاقی ده‌كه‌ینه‌وه‌ .

– تاقیكراوه‌ تاقیکردنه‌وه‌ی ناوێ .

– له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌وان كه‌ڵك وه‌رده‌گرین .

– ئه‌و قسانه‌ باویان نه‌ماوه‌ .

– وره‌به‌ردانی تۆش شتێكی تازه‌ نییه‌ .

***

          ئینجا ئه‌وان ، به‌ جووته‌ وه‌ڕێ‌ كه‌وتنه‌وه‌ . به‌ شوێنی دیاریكراو دا که‌ به‌ سه‌ر هه‌ڵدێرگه‌ عاسێ و هه‌ڵه‌مووته‌كاندا ؛ به‌ ناو جه‌رگه‌ی‌ دارستانه‌ چڕ و تاریكه‌کاندا و به‌ قووڵایی دۆڵه‌ چۆڵ و ترسێنه‌ره‌كاندا تێده‌په‌ڕی .

        نه‌فه‌ری‌ دووهه‌م له‌ نیوه‌ی‌ رێگا دا ماندوو بوو . پاكانه‌ی‌ بۆ ماندوو بوونه‌كه‌ی‌ نه‌كرد . هیچ بیانووشی نه‌گرت . پاڵی وه‌دارسپیدارێكی به‌رز دا و وتی :

– ماندوو بووم . له‌وه‌ زیاتر بڕ ناكه‌م .

وتی :

– دوای حه‌سانه‌وه‌ وه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ویه‌وه‌ .

نه‌فه‌ری‌ دووهه‌م وتی :

– له‌ ناخمه‌وه‌ ماندوو بووم ، توانای‌ ده‌روونیم نه‌ما .

– پێت وایه‌ بۆ ماندوو بووی‌ ؟

– هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ توانا دابوو . بۆ درێژه‌دان وره‌ و بڕوای‌ به‌ تینی ده‌وێ‌ ، من نیمه‌ .

ئینجا‌ ئه‌و ته‌نیا وه‌ڕێ‌ كه‌وت . دڵی روون و قاچه‌كانی پڕ له‌ هێز و وزه‌ی‌ لاویه‌تی بوون .

***

        قامچیه‌كان داده‌وه‌شێنران .ئاگرێكی به‌ تین له‌ بنی پێیانییه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌روونی كڵپه‌ی‌ ده‌كرد .

– هه‌سته‌ !

– هه‌ستا . به‌ قاچه‌ ئاوساو و خوێن لێ تكاو و‌ ونجڕبووه‌كانیه‌وه‌ هه‌ستا .

– راكه‌  .

– ناتوانم .

دڕنده‌كه‌ به‌و لاقه‌ قورسانه‌ی‌ چۆ سه‌ر په‌نجه‌كانی ، سه‌ر قاچه‌كانی . هاواری‌ لێ هه‌ستا و تێكه‌وه‌گلا و له‌ ژووری‌ غاره‌كه‌ دا وه‌گڕۆله‌ كه‌وت . قامچیه‌كان له‌ پشتی هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ . هه‌ستایه‌وه‌ .

– سیمورغ له‌ كوێیه‌ ؟ بۆ به‌ هاوارته‌وه‌ نایێ‌ ؟  هه‌ڵێ !

له‌ قوڵایی دڵیه‌وه‌ ناڵاندی‌ : له‌ كاتی خۆیدا دێ‌ !!

***

        ئایا ئه‌گه‌ر ته‌نیا جێیان نه‌هێشتبام ، تووشم به‌ تووش ئه‌و تووشییه‌وه‌ ده‌بوو ؟

        ئه‌ژنۆكانی له‌ ئامێز گرت و له‌ تاریكی ناو غاره‌كه‌وه‌ راما . له‌ تینوان ئاگری‌ له‌ هه‌ناوان به‌ر ببوو . له‌ سوێی دڵۆپێك ئاو ده‌تگوت سوێی بۆوه‌ . له‌ تاوتێی ئازاریدا نێوچاوانی گڕگڕ دایسا .

        دڕنده‌كه‌ ماندوو ببوو و چووبوو پشوویه‌ك بدات و به‌ تین و تاوتر بێته‌وه‌ .

        رێگایه‌كی هه‌ڵاتنی نه‌بوو . له‌ كه‌لێن و كونی ئه‌و تاشه‌وه‌ كه‌ زاركی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی‌ پێ گیرابوو ، بۆنی سه‌ربه‌ستی ده‌هات .

نووسینی  : مه‌نسوور یاقووتی  – 24/12/1368 – ی‌ هه‌تاوی‌

وه‌رگێڕانی : هێرش بێتووشی                     

سه‌رده‌شت – 1/5/1386 – ی‌ هه‌تاوی‌           

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

مێژوو چییه‌؟

مێژوو چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی به‌ رابردووی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ده‌بێ دووپاتی بکه‌نه‌وه‌. ((جۆرج سانتایانا)) مێژوو چه‌مکێکی له‌ …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *