دەستپێک / بابەت / تەنیاتر لە مانگ

تەنیاتر لە مانگ

Tanyatr la Mang

هەردووکمان ماندوو، هەردوو برسی؛ دڵ پڕ و تووڕە. بستووی چیاکان پڕ لە بەفر و داوێنەکان وەک تووکی کەروێشک سپی و تەپۆلکەکان بێ خشە و مشە لە ئامێزی سرووشتدا داسەکنابوون. کپ و بێدەنگ. ئەو لەپێشەوە و من بە دوایدا، دەڕۆیشتین. نە هەستمان بە سەرما دەکرد و نە گرنگیمان بە رێچکەڵە شکاوەکان دەدا. شوێن پێیەکانی دایکم بە شێوەیەکی قورس و قایم و ترسێنەر لەسەر بەفرەکە نەخشیان دەبەست و دەردەکەوتن. بەڵام شوێن پێیەکانی من هیچ مەترسێکیان لێ نەدەکەوتەوە. دەتگوت لە دەست و قاچەکانی دایکمدا، کە بە لمبۆزە رەش و چاوە تیژ و گوێ قوتە هەستیارەکانی و کلکە داچۆڕاوەکەیەوە رێگای دەبڕی، هەست بە مەترسێەک دەکرا کە لەمن بەدەر هەموو کەس لە واتای دەگەیشت و خۆی لێ دەبوارد. بەڵام جێ پێیەکانی من لووس و لێک و نیان بوون.

هەمیشە ئەو لەپێشەوە و من بە دوایدا هەڵدەهاتم، مەگەر ئەو کاتانە کە دەکەوتە گەمە و هەر بە هەوا مەودای دەدام چەند هەنگاوێ پێش بکەومەوە. ئینجا لەسەر کلکە کوڵکنەکەی هەڵدەتووتکا و تێمەوە رادەما تا ئەو کاتەی کە هەوای لەخۆبایی بوونم تێدا دەجووڵا و خەریک دەبوو شانازی بەخۆمەوە بکەم، ئیدی لەپڕ وەکوو شنەبایەکی سارد خۆی دەگەیاندەوە سەرم و بە زەبرێکی ئارامی چەمبۆڵەکانی بەسەر بەفرەکەدا دەیخستم. ئیدی ئەوە من بووم دەبوو شیو و دۆڵ و ملە گەردن کێلەکانی بە دوادا بپێوم. لەسەر بستووی تەپۆلکەیەک شوێن پێی چەند کەروێشکێ بەفرەکەیان رەنگاندبوو. بەولاوەتریشەوە شوێن پێیەکانی بەچکە رێویەک. دایکم لمبۆزە ڕەشەکەی لە شوێن پێیەکانی نزیک کردەوە. بۆنی کەروێشکەکە هەروا لە هەوادا مابۆوە. ئەوەندە بۆنەی کە دایکم هەستی پێدەکرد، بە خەیاڵی مندا نەدەهات. بە چاکی دەمتوانی لە دەستەکانم کەڵک وەربگرم، بەس لە دەستەکانم. هیچ گورگێک نەیدەتوانی لێمان نزیک بکەوێتەوە. هەرگورگێ خۆی لە قەرەی ئێمە دابایە؛ تەڕەلیسێکم لە لمبۆزی دەدا؛ یان بەردێکی گەورەم بەرز دەکردەوە و لە سێبەندانم دەسرەواند. دایکم وای لە خۆی رادەبینی هەر بوونەوەرێ بەرەوڕوومان ببایەوە بەورئاسا پەلاماری دابایە، بەڵام ئەوە قەت بە من نەدەکرا. دایکم بە لێهاڵاوە هەرە لاپێیەکانیشدا دەڕۆیی، کەچی من نەمدەوێرا. ئەو بە سانایی بە تاشە هەرەتووشەکانیشدا سەردەکەوت، بەڵام من زۆر بە ناخۆشی و دژواری دەمتوانی. چاوەکانی دایکم لە شەوەزەنگیشدا وەکوو زمڕوت دەدرەوشان و هەموو شتێکیان دەبینی. من ئەوەندەی ئەو تیژبین نەبووم. ئەو زۆر وریاتر لە من بوو. ئەو هەموو دەنگێکی دەبیست، بەڵام من هێندە لەسەر هەست نەبووم.

دایکم سەری بەردابۆوە و بۆنی بە شوێن پێی کەروێشکەکەوە دەکرد. من لە بن پنچێکێکدا هەستم بە بوونی کەروێشکەکە کرد. بە دەنگێ کە لە گەروومەوە هێنام و دایکیشم لە واتاکەی گەیی، لە شوێن و جێی کەروێشکەکە وریام کردەوە. دایکم فڕکەی بەستێ. سووک و سانا، وەک پنچکێ کە گێژەڵووکە لوولی بدات. قاچەکانی من وەهەبوو تا ئەژنۆیان لە بەفرەکە دەچەقین. کەروێشکەکە دەرپەڕی و وەک سندەیەکی سپی لە قڵیشێکدا بزر بوو.

دایکم هیوابڕاو سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، سەری بەردایەوە و بەرەو پێشەوە درێژەی بە رۆیشتنەکەی دا. لای نیوەڕۆ بەسەر ئاواییەکدا کەوتین. لە بەرزایی تەپۆلکەیەک، خۆمان لەناو کۆمەڵێ پنچک و دەوەندا حەشار دا. خەڵکی بە دەوری گۆڕەپانی ئاواییەوە کۆزیلکەیان بەستبوو. چەند کەسێ گایەکی زەبەلاحیان رکێش رکێش بۆ ناوەندی گۆڕەپانەکە هێنا. گایەکە رەنگی خەنەیی و لمبۆزی رەش و نیوچاوان قەشان بوو. لە بەر قەڵەوی و زەلامی لە رۆیشتندا لەنجەی دەکرد!.. بێ منەت و لەخۆبایی!.. چەند پیاوێ دەست و قاچی گایەکەیان توند و قایم بە گوریسێک بەست و لە عەرزیان دا، ئینجا لە دارێکی قەد ئەستووری ناوەندی گۆڕوپانەکەیان شەتەک دا. گایەکە لە ترسان هۆڕاندی. قەسابەکە بە کاردێکی تیژ و گەورەوە بۆلای گایەکە چوو. قۆڵی هەڵماڵیبوو. گایەکە بە چاوپێکەوتنی قەساب و کێردەکە هەمیسان هۆڕاندی. قەسابەکە لەپی دەستی بە بن لمبۆزی گایەکەوە نا و دەمی کێردەکەی بە ئەوکیدا هێنا. گایەکە لە تاوان هۆڕاندی و دەست و قاچی لە هەردەکە کوتا. پیاوێک دەمی گایەکەی بەست کە دەنگی ناڵەی دەرنەیەت. خوێنی گایەکە بەفرەکەی سوور کرد. پاشان کەوڵیان کرد. کاتێک کەوڵیان دەکرد خەڵکی پێدەکەنین. ئینجا بە شێوەیەک کە بە لقی دارەکەوە هەڵیانواسیبوو، لەت و کوتیان کرد. بە چەپەجاغ لە پەراسوویان دەدا. بە چەپەجاغ لە سێبەندەی پشتیان دەدا. یەکێک جەرگ و دڵەکەی بەرز کردبوونەوە و رایدەوەشاندن، خەڵکی لە خۆشیان گاڵەگاڵیان دەکرد.

هیچ گورگێ پەراسووەکانی بوونەوەرێ تێک ناشکێنێ. هیچ گورگێ سەرەتا دەست و قاچی بوونەوەرێ نابەستێت و پاشان پەلاماری بدات. هیچ گورگێ هێز و وزەی بەرگریکردن لە نێچیری خۆی زەوت ناکات. هیچ گورگێ لەکاتی لەت و پەت کردنی نێچیری خۆیدا شادی ناکات. دایکم لە داخ و مەراقان هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. لمبۆزی لە ئاسمانی خۆڵەکەوە کرد و لە سوێیان لووراندی. خەڵکەکە سەریان بەرز کردەوە ئێمە ببینن. ئێمە خۆمان حەشار دابوو. هەموویان بە ترسەوە چاویان بە شاخ و کیو و تەپۆلکەکانی دەوروبەردا دەگێڕا و بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:

گورگەکان… گورگە دڕندەکان!

هەتا شەو داهات و باڵندەکان لە هێلانەکانیاندا داسەکنان، لە ناو مێشەکانی سنووری ئاوایی؛ ناو رەز و دارچنارە رووتاوەکاندا خولاینەوە و هیچ شتێکمان بۆ خواردن نەدۆزیەوە. تەنانەت بۆ سەر رووبارەکەش چووین بۆ ئەوەی بەڵکوو مشکێکی قەڵەو بدۆزینەوە، بەڵام وا دیار بوو ئەو هەوڵ و خۆماندووکردنەمان بە خۆڕایی بوو. بەسەر لقی دارەکانیشەوە هیچ میوەیەک نەمابوو کە من بچمە سەر دارێکی قەد ئەستوور و لە چنگ ئەو برسیایەتییە رزگاریم بێت.

مرۆڤەکان هەموو شتێکیان بۆخۆیان دەوێت، بیر لەوە ناکەنەوە کە سروشت بۆ سەرجەم بوونەوەرەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە بەدیهاتووە و بە تێکڕایی دەبێ کەڵکی لێ وەربگرن. ئای کە مرۆڤەکان لەخۆ بایین! ئەو شەوە لە برسان هەر باومان خوارد و ناڵاندمان. سەردانێکی لای ئاواییشمان کرد بۆ ئەوەی لانی کەم کەرە بەرەڵڵایێ یان سەگێک بدۆزینەوە و بەرەو دۆڵ و رەهۆڵێک دوای خۆمانی بخەین و بیخۆیین. بە دەوری ئاواییدا خولاینەوە. چرایەکان هەڵکرا بوون. سەگەکان دەوەڕین. ئای لەو دوخمان و خائینانە چۆن لە پەنای تفەنگ و چرایەکاندا پاسەوانیان دەدا و سەگوەڕیان دەکرد! لە تاریکایی ئەنگوستەچاوی شەودا بە دەوری ئاوایی و تەنیشت کۆختە و کادێن و دارەکاند خولاینەوە. دایکم مەترسی لە هیچ سەگێک و مرۆڤێک نەبوو. جاروبار خۆی پیشان دەدا، بۆ ئەوەی دنە و هانی سەگێ بدات کە لە سەربانەوە خۆی فڕێ داتە خوار و لە پێک هەڵپڕژانێکی دەستەویەخەدا بیخنکێنێت.

پەنجەرەیەک کرایەوە. لوولە تفەنگێک هاتە دەر. نەڕەیەکی بەقەو گەروومی رووشاند. دەنگی رەگبارێ لە دەر و دۆڵە دوورەکاند دەنگی دایەوە. دایکم چەند جارێ بە دەوری خۆیدا خولایەوە و لەسەر بەفرەکە تخێڵ بوو. لە چەند جێیەکی جەستەیەوە خوێن دەرپەڕی. لووزەوی خوێن لە ژێر چەناگەیەوە بە سەر ئەوکیدا کە من ئەو هەمووە بۆنم پێوە دەکرد و دەم لستەوە، جاڵە بۆوە. بە زمانێ کە من تێیدەگەیشتم پێمی گوت بڕۆ!.. خۆت رزگار بکە!

نەمدەتوانی لە جێگای خۆم بجووڵێمەوە. ئەوکم پڕ لە کوڵ و دڵم پڕ لە قین و ژیانم لەبەر چاو کەوتبوو. لە سوێیانی دەمویست سەرم لە بەردێ یان لە قەدی دارێ راکێشم. ئەو شیری پێ دابووم، گەورەی کردبووم و لە ئامێزی خۆیدا داڵدەی دابووم. چۆن دەمتوانی بەو جۆرە جێی بهێڵم کە بێ دەسەڵات لە خوێنی خۆی دەگەوزی و چاوە گەش و جوانەکانی لە ئاسمانی تەماوی و لێڵایی مانگەوە بڕیبوو؟ چۆن دەمتوانی لە ناو پۆلێ جانەوەری بێ بەزییدا جێی بهێڵم؟

بەڵام ئەو پێمی گوتبوو کە بڕۆم. دەرگای ماڵەکان یەک لە دوای یەک کرانەوە. مرۆڤەکان تفەنگ و چرا بە دەست لە ژوورەکان هاتنەدەر. سەیەکانیش لە سەربانەکان هاتنە خوار. مانگ ئاوا ببوو و سەرمای شەو ئیتر چزووی بە ناخمدا نەدەهێنا. چاو بەفرمێسک بە دەرودۆڵە تەنگ و تووشەکاندا سەربەرەوخوار بوومەوە. سەگێک سەری دەدوو نام و خۆی گەیاندەوە سەرم. دەستم دایە بەردێکی گەورە کە بە هەردەکەوە نووسابوو و هەتا تینم تێدابوو لە لمبۆزیم دا. چەقەچەقێکی زۆری گرتبۆوە!.. کشایەوە، کلکی لەناو رانی گرت و بە پڕتاو بۆی دەرچوو. بە ناو دارەکاندا لێهاڵامەوە و لە بەرزاییەک سەر کەوتم. لەسەر باسکەکە، بەرانبەر بە مانگ کە خەمبار و تەنیا لە گەمارۆی هەورەکان دابوو ئەوەندە دڵ پڕ لە کوڵ و خەفەتبار ناڵاندم کە تەزوویەکی ساردوسڕ سەرتاپای جەستەمی داگرت. ئێستا نە لە ناو مرۆڤەکان و نە لە ناو گورگەکاندا جێگایەکی حەوانەوەم بۆ نەمابوو. دایکم کۆچی دوایی کردبوو و من تەنیاتر لە مانگ مابوومەوە.

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

سەلکە بزووت

لەو رۆژەوە هاتوومە شار وەک لەتەبەردێکی هەڵبڕاو لە کاکێشانی خۆڵەکەوەدا سەرگەردانم. زۆر پەرێشانم. بە دەس …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *