دەستپێک / بابەت / سەلکە بزووت

سەلکە بزووت

Salka bzwt

لەو رۆژەوە هاتوومە شار وەک لەتەبەردێکی هەڵبڕاو لە کاکێشانی خۆڵەکەوەدا سەرگەردانم. زۆر پەرێشانم. بە دەس خۆم نییە. دڵی لادێیی من لە رکەی تەنگی شارا داناسەکنێ. لە لادێ لەگەڵ هەر هەناسەیەک کە هەڵمدەکێشا، لەگەڵ هەر هەنگاوێ کە هەڵمدێنایەوە شان بە شانی خەڵکی بووم. لێرە لە شارێک کە لەگەڵ من نامۆیە، وا هەست دەکەم پترلە خەڵکەکەم دوور و دوورتر دەکەومەوە. وا هەست دەکەم- هەستێکی ئاوێتە بە بێزاری – کە خەریکە دەبم بە رووناکبیر. رووناکبیر، بە داخەوە!!!

خەڵکی لادێ بە رادەیەک متمانەیان پێم بوو بۆ سەرخوانی خۆیان بانگهێشت دەکردم، من و خاوەن ماڵ لە لایەکی کەوڵ و خاو وخێزانی ماڵەکە لە لای تریەوە. هاوینی چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دۆستێکمدا سەفەرێکمان کرد. دۆستەکەم مامۆستای دێ بوو. هەوایەک لە خۆم کورتەباڵاتر، تاوەسووت و چاوگەورە، مووەکانی سەری سپی ببوو. بەهۆی کوێرەوەریەکانی ژیان یان بە میرات بۆی مابوو. چەند کاتژمێرێ بە پێ رۆیشتین. گوندنشینەکان بە بناری کێوەکانەوە رەشماڵیان هەڵدابوو. بە هۆی ئەو شوێنەوارانەی لە ناو نزارەکان جێ مابوو، کوچکاورە دامرکاوەکان، شوێن پێیەکان، ئەو گژوگیا و لەوەڕانەی خورابوون و ئەو لک وپۆیانەی شکابوون، شوێن پێی ئەوانمان دۆزیەوە. هەرکە لە رەشماڵان نزیک بووینەوە، بوو بە هەڵلا و بە تێکڕایی لە ژوورەکان هاتنەدەر. پیرێژنەکان لە ئامێزیان دەگرت و رایاندەمووسی. منداڵەکان بە شان و کۆڵی هەڵدەڕووسکان. پیرپیاوەکان لە خۆشیان پێدەکەنین و گەورەکچەکان دەستیان ماچ دەکرد. ئەی خوایە، ئەوە چ بوو دەمبینی؟ بڕوای خەڵکی بەو پیاوە. بەو دڵسۆزە بەسۆزەی روی لە هەرگوند و لایەک دەکرد وەکوو رۆژی روون رۆشنایی پێ دەبەخشی. بەڵێ وەرزێر چۆن گورگ و مەڕ لێک هەڵداوێرێ یار و نەیاریشی لێک جیا دەکاتەوە.

لێرە، لە شارێ کە هیچ بیرەوەریەکی خۆشی تێدا بەدی ناکەم و لێم بووە بە بەندیخانەیەکی گەورە، ئەو کەسەی دەبێ دەست بخەیە ناو دەستی و متمانەی پێ بکەی کۆمەڵێکی بەرچاو و دیارە کە بۆ نەگبەتی ناسناوی رووناکبیریان بەسەردا سەپاوە. بۆ ئەوەی گلەیی لێک تێنەگەیشتنمان نەیەتەوە سەر و بێ رێزی بە هیچ رێزدارێکی رووناکبیر نەکرابێ، ئەو رووناکبیرانەی کە بە دوور لە هەر هاتووهووتێ بێ وچان و ماندووبوون لە هەوڵی پێشخستنی کۆمەڵگا دان و بارودۆخ بە قازانجی مرۆڤی ئەمڕۆیی و داهاتوو دەگۆڕن و رێگە بۆ رێبوارانی راستەقینە خۆش دەکەن، گرووپە گۆرین بە ناسناوی ((تازە پێگەیشتووەکان)) دەناسێنم.

تازەپێگەیشتوو هەنبانەی وشەیە. ئاگای لە هەموو شتێکە و لە راستیدا ئاگای لە هیچ شتێک نییە. تایبەتمەندی زەق و بەرچاوی خۆبەگەورەگری و بەدگۆیی کردن لەم و لەوە. قایل نییە رەخنەی لێ بگیرێت و بێ شەرمانە لە گرنگیەکانی رەخنە دەدوێ. بەردی دڵسۆزی گەل لە سینگی خۆی دەدات و لە گەڵ کێشەکانی خەڵکی نامۆیە. بۆ ماوەیەک لایەنگری بێ گرێی تۆیە و لە پڕ دوژمنی سوێندخۆرت. بەڵگەی پێیە کە سەر و ریشی دێڵێتەوە. وا هەڵدەگرێ کە بەرمووری مووروەکەرە لە ستۆی دەکات. کە ترومبێل دەکرێ (ترومبێلێ کە زۆرتر نیشانەی فیک و فاک و هەوای لەخۆ باییانەی دەوڵەمەندانە) وا پێویست دەکات. لە کاتی ئێستادا بە بڕوای ئەو پێکەوەنانی بنەماڵە شتێکی پێویستە. بەڵێ. پێکەوەنانی بنەماڵە شتێکی پێویستە، بەڵام پێشتر لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە هاوسەرگیری بە واتای خۆ بە تەڵەوە کردنە.

هەنبانەبۆرینەیەکی لێواولێو لە زانیاریە پرش و بڵاو و بێ کەڵک و پووچەکانی رۆژگارە. هۆنراوە ناسە و لە بوار و بەستێنی شانۆگەریشدا خاوەن رایە. بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی شاکارەکانی جیهان پەسند دەکا یان رەدیان دەکاتەوە. لە کۆمەڵناسی دەگات و سەر لە مێژووش دەردەکات. مەودای بدەی لە فیزیکی ئەتۆمیش دەدوێ. ئەگەر هونەرمەندە، هونەرەکەی هونەرێکە بەس لە داهاتوودا تێی دەگەن.

با لە تایبەتمەندییە باشەکانی بدوێم، هەتا بڵێی دڵپاک و راستگۆیە. بە خێرایی دەچێتە ژێر باری بیری نوێوە. گرنگی هەرە بەرچاوی لەوەدایە کە بێ وچان و پسانەوە لە گۆڕان دایە. روەکێکە لە ژێر کارتێکەری هەر ئاو و هەوایەکدا بە پێی پێویست گەشە و نەشە دەکات. بە رواڵەت پاساو بۆ هەڵەکانی دێنێتەوە و بەرگریان لێ دەکا، بەڵام لە دڵدا هەوڵی تێهەڵێنانەوەی هەڵەکانی دەدات. تینووی زانینە. باشی هەرەباشی لەوەدایە کە دەیەوێ سەر لە هەموو شتێ دەرکا. سەلکەبزووتێکە لە کاتی ئێستایدا دووکەڵەکەی چاوان کوێر دەکات و لە داهاتوودا جێگای ئومێدە. (لە نامەکانی دواییدا ئەگەر تەمەن تێی ببێت و لە بیرم بێت و هەل و بوارێکی لەبارم بۆ بڕەخسێ، پتر لەسەر ئەو جۆرە کەسانە دەدوێم) لێرەدا، بە پێچەوانەی ویستی دڵم لە دەوروبەرمدا کۆکۆ سەلکەبزوت لە لێژنە دراون، نە دەتوانم چاوپۆشیان لێ بکەم و نە لە خۆم رادەبینم لە بەریان هەڵێم. گەردەلوولێکی بێ بەزەیی داری هێوریمی لە رگەوە هەڵکەندووە. جاروبار لە خۆم دەپرسم باشە باڵندە لە گەڵ قسڵ و بەرد و چیمەنتۆ چۆن هەڵ دەکات؟ هێلانەی باڵندە لە باوەشی ئاسمانی ساماڵ یان هەوری، لە سەر تیشێکی بەرخۆرەتاو یان لە داڵدەی مژ و ناو لق و پۆی دارستانی چڕوپڕ دایە.

بە دەس خۆم نییە، سروشتی من وا گووراوە؛ ئەو مژە خۆڵەکەوەی لە زێواری چیا سەرکەشەکانەوە هەڵدەستێت و بەسەر خەنەتیلکە سەوز و لیمۆیی تیشەشاخە نماویەکاندا دەخشێ خەیاڵم دەلاوێنێتەوە. ئەو باڵندە کۆچەریانەی لە سەرەتای وەرزی پاییزدا، شەوانە بەسەر شاردا تێدەپەڕن بە دەم جریوەجریوی خەماویانەوە باس لە زێدی لە دایکبوونم دەکەن. ئەوانە لە کانیاو و چاوەی ناوچەکەمدا تێراو بوون، لە سێبەری دارستانەکاندا دانەکەوەیان کردووە و گوێیان لە گۆرانیە دڵڕووشێنەکانی وەرزێران گرتووە.

من لە زێواری تەپۆلکە و رووبارەکان، لە داوێنی سەوزەزارەکان و ناو خانووچکە قوڕینەکان و لە ئامێزی کەسانێکی سادە و زەحمەتکێشدا سەردەمی زارۆکی خۆم بەسەر بردووە. من لە ناو خەڵکێکدا گەورە ببووم کە بێ هەست و خوست لە گەڵ ئازارەکانی سەرووی هەستی ئینسانیدا هەڵیان دەکرد. خەڵکێک کە مێگەڵ ئاسا بە نوشتەی مەلا و فەرمانی خان و هەڕەشەی ژاندارم لە سەر زەوی بۆ ئەم لاولا هاتوچۆیان دەکرد. رێزیان لە مەلا دەگرت.گوێڕایەڵی فەرمانی خان بوون و لە ئەمنیە تۆقابوون. بەڵام لە توێی داستان، هۆنراوە، بەندوباو، ئەفسانە و بیرو ڕا و ئاواتەکانیاندا گلەیی و گازندەی خۆیان ئاراستە دەکردن. لە قالبی گاڵتەوگەپدا بە ریشی مەلا پێدەکەنین. بە چیرۆکی کەڵەشێر و رێوی بە خانیانەوە رادەبوارد و بە تازیانەی تەوس و پلار ژاندارمیان سووک و چروک دەکرد. دایە گەورەم پەڕتووکێکی قەبارەدار لەو جۆرە هۆنراو و بەندوباو و چیرۆکانە بوو. بەو چیرۆکانەی بۆی دەگێڕامەوە هانی ئەوەی دەدام خەڵکم خۆش بوێ. بۆ داهێنەری سەرجەم ئەو چیرۆک و بالۆرانە هەر ئەو خەڵکە ساویلکە نەبوون کە بە دەوروبەری منەوە رەنجیان دەکێشا، کاریان دەکرد و یەکتریان خۆش دەویست؟

لەو چیرۆکانەدا کە شەوانە بۆی دەگێڕامەوە، مرۆڤە دڵسۆز و سادەکان هەمیشە بەسەر دێو و درنجەکاندا سەردەکەوتن. لە داستانەکانیدا ئاواتی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بە ئاشکرا دەردەکەوت. دایە گەورەم بێ پسانەوە بە گوێمیدا دەخوێند((تۆ دەبێ بۆ شار بچی و دەرس بخوێنی. جا کە دەرست خوێند دەتوانی وەکوو ئەو کەسە باشانەی لە ناو ئەفسانەکاندا هەن، ژیانێکی پاک و بێ گەردت هەبێ. لە بیرت بێ هەمیشە دەبێ دڵسۆز و ئەمەگناس بی. ئەو نانەی دەیخۆی بەرهەمی شان و باهۆی رەنجبەرانە.

ئەوەی دەیزانم بە هی خەڵکی دەزانم. تازە پێگەیشتووەکان تەنیا فکریان تێک داوم. لە زمانی کوردیدا پەندێک هەیە دەڵێ: ((ئاگرەکەت گەرمی نەکردینەوە، دووکەڵەکەت کوێری کردین)).

ئاسوودەیی لە پەنای گەڵدا نەبێ نابێ. بە داخەوە من، وەک لەتە بەردێکی دابڕاو لە کاکێشانی خۆڵەکەوەدا سەرگەردانم.

نووسینی: مەنسوور یاقوتی

وەگێڕانی: هێرش بێتووشی

وەرگیراو: لە پەڕتووکی ((آواز کوە))

لەبارەی هێرش بێتووشی

ناوی ته‌واوم (ساڵح ساڵح زاده‌) ناسراو به‌ (هێرش بێتووشی) له‌دایکبووی رۆژی نۆهه‌می مانگی رێبه‌ندانی ساڵی هه‌زار و سێسه‌د و چلی هه‌تاویم. ناوی باوکم عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ به‌ره‌بابی ...

سەیری ئەمەش بکە

مێژوو چییه‌؟

مێژوو چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی به‌ رابردووی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ده‌بێ دووپاتی بکه‌نه‌وه‌. ((جۆرج سانتایانا)) مێژوو چه‌مکێکی له‌ …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *